پەیامی بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕیی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، بڵاوکرایەوە.
شەوی رابردوو (هەینی 5ی ئەیلول) راگەیەندراوێک بەناوی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بڵاوکرایەوە لەسەر ڕووداوەکانی لالەزار و کەیسی ئارام قادر، هەرچەندە ئێمە وەک بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕیی دەستە ناوەڕۆکەکەی رەتدەکەینەوە و بە هەڵوێستێکی سیاسیی دیزاینکراوی دەزانین، چەندان جاری تر سەرنج و تێبنیمان هەبووە لەسەر ئەو جۆرە هەڵوێست و پەیامانەی دەستە؛ کە نە ئاگامان لێی بووە نە پرسمان پێکراوە، بەڵام لەپێناو پاراستنی ناوی دەستەکەمان هیچ هەڵوێستمان نەنواندووە و هەموو جارێک داوای چارەسەرمان کردووە.
هەر بۆیە سەبارەت بەو راگەیەندراوە، بەپێویستمان زانی ئەو راستییانە بۆ خەڵکی کوردستان بخەینەڕوو:
1- سەبارەت بەسەردانکردنی ئارام قادر لەهەفتەی رابردوو، دوای ئەوەی کەسوکاری ناوبراو سەردانی دەستەیان کرد، داوایان کرد دەستە بەدواداچون بکات، ئێمە پەیوەندیمان بەلایەنی پەیوەندیدارەوە کرد و بەسوپاسەوە وەڵامیان داینەوە کە لەم هەفتەیەی بێتەوە ئەو دەرفەتەمان بۆ رێکدەخەن و بڕیارە رۆژی یەکشەممە بۆ کاتەکەی وەڵاممان بدەنەوە. بەڵام نازانین پەلەی بڵاوکردنەوەی ئەو پەیامە بەو پشووە و رۆژی هەینییە مانای چی بوو؟.
2-سەبارەت بەدەستگیرکراوانی شەڕەکەی لالەزار هەموولایەک ئاگادارن، ئێمە یەکەم تیم بوین وەک دەستە سەردانی لاهور شێخ جنگی و دەستگیرکراوەکانمان کرد و، هەر لەڕێگەی ئێمەشەوە، ئاسایشی گشتیی سلێمانی ئاسانکاری کرد بۆ سەردانیکردنی کەسوکاری دەستگیرکراوەکان و بەردەوامیش لەسەر خەت بوین بۆ سۆراغکردن و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر هەموویان، هیچ ڕێگرییەک نەبووە بۆ کارەکانمان. بڕیار بوو رۆژی یەکشەممە هەموو ئاسانکارییەک بکرێت، بەڵام دیسان نەیانهێشت بگاتە یەکشەممە وەک ئەوەی پێیان گوترابێت؛ دەبێت هەر ئەم شەو ئەو بەیاننامەیەی کە ئامادەکراوە دەبێت بڵاوبکرێتەوە، سەرباری ئەوەی گفتوگۆی زۆر کرا بۆ دواخستنی بڵاوکردنەوەی بەیاننامەکە تا رۆژی یەکشەممە کە دەوامی رەسمییە، بەڵام دیارە بڕیاری پێش وەختە بووە.
هاوڵاتیانی کوردستان؛
دەمانەوێت ئەوە بۆ هەموو لایەک ئاشکرا بکەین؛ ئێمە وەک بەشێک لە ئەنجومەنی کارگێڕیی دەستە، ئەو پەیامەی بەناوی دەستەی مافی مرۆڤ بڵاوکراوەتەوە، ڕەتدەکەینەوە و دەڵێین: بەهیچ شێوەیەک گوزارشت لەڕای هەموو دەستە ناکات و تەنها رای لایەنێکی سیاسییە کە ناوی دەستە بۆ ئامانجی سیاسیی خۆیان بەکاردەهێنن و بەئاشکراش بە پەیامەکەی دەستە و ئەو پەلەپەلکردنەوە دیارە.
ئێمە دەڵێین: لایەنە ئەمنییەکانی سلێمانی لە رۆژی یەکەمی رووداوەکەی لالەزار و بابەتەکانی تریش هاوکاربوون وە دەبوو دەستە رەچاوی ئەوەی بکردبایە ئەو کەیسە هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەیە و نابێت پەلەی تێدابکرێت.
ئینجا پرسیاری جددی ئەوەیە: ئەی ئەو بەشەی ئەنجومەنی کارگێڕیی دەستە لەکوێ بوون کاتێک لەشەڕەکەی خوڕشید هەرکی و هێزە ئەمنییەکان، دوو کەس لە هێزەکان شەهید کران و کەسی داواکراویش لەمیوانخانە دانرابوو، بەڵام ئەو تیمەی ناو دەستە شتێکیان نەوت؟
ئەی کە چەند رۆژێک بەر لە ئێستا چەند کەسێک هەوڵی تیـ.ـرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس هێمن مامەندیان داو دواتر هەڵاتن بۆ شاری هەولێر و ئاسایشی گشتیی سلێمانی پەیامی بڵاوکردەوە، بۆچی ئەرک پێ سپێردراوانی ئەو لایەنە سیاسییەی ناو دەستە داوایان لەدەزگا ئەمنییەکانی هەولێر نەکرد ئەو کەسانە دەستگیربکەن و بیدەنە دادگا؟.
ئەی کاتێک سەرۆکی دەستە ئامادەی دادگاییکردنی شێروان شێروانی بوو، بەبەرچاوی بەڕێزیان دادگا بڕیارێکی دا بەسەر ناوبراودا و لە بەردەمی دادگاش چالاکوانان و ئەندامی پەرلەمان سوکایەتییان پێکرا، بۆچی دەستەی مافی مرۆڤ هیچ شتێکیان بڵاونەکردەوە؟ لەکاتێکدا نوێنەری یۆنامی نیگەرانی دەربڕی.
ئەی بۆ تا ئێستا تۆمەتبارانی کەیسی شوان سابر دەستگیر و ئاشکرا نەکراون و هیچ پەلە پەلێکیش ناکرێت؟
ئەی کاتێک شێخ ئەدهەم بارزانی ڕێگەی پێنەدرا بەشداریی پرسەی دایکی بکات لەماڵ و زێدی خۆی و دەست بەسەر ماڵ و موڵکیدا گیرا و پاسەوان و شۆفێرەکەی دەستگیرکران و جارێکی تریش بەم دوایە کۆمەڵێک پاسەوانی گیران بۆچی ئەو لایەنەی ناو دەستە شتێکی بۆ رای گشتی نەوت و بڵاونەکردەوە؟
سەبارەت بە کەیسی هونەری رەشید ئاغا کە تاوەکو ئێستاش دادگایی نەکراوە و کەس نازانێت قۆناغی لێکۆڵینەوەی بەکوێ گەیشتوە، بۆ هیچ نالێن؟ خۆ هەموو ئەوانە لەپێش رووداوەکانی سلێمانی روویانداوە!.
ئێمە نامانەوێت ئەو لاپەڕانە هەموو هەڵدەینەوە کە هەموویمان وەک بەڵگە لایە و قسەی لەسەر نەکراوە لە پێشێلکاریی زەق بەرامبەر مافی مرۆڤ لەسنووری هەولێر و دهۆک.
باش دەزانین ئامانجی ئەو لایەنە سیاسییە چییە لە گەورەکردن و بڵاوکردنەوەی پەیامەکان لەسەر سنووری سلێمانی و دەزگا ئەمنییەکان لە رێگەی دەستەکەمانەوە، جگە لەهەوڵدان بۆ ناشرینکردنی دەزگا فەرمییەکانی ئەو سنوورە هیچ مانایەکی تری نییەو ئامانجەکەش دەستێکی ئاشکرای لایەنێکی سیاسییە کە دەیانەوێت ئەجێندای خۆیان فەرزبکەن و ئێمەش وەک بەشێک لە ئەنجومەنی کارگێریی دەستە ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانە رەتدەکەینەوە و بەهیچ شێوەیەکیش گوزارشت لە رای گشتیی دەستە ناکات، ئەگەر نا هەموولایەک لە دەستە باش دەزانن ئێمە ئەو بەشەین لە دەستەی مافی مرۆڤ زۆر پیشەیی و بەرپرسیارانە بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ و بێ گوێدانە لایەنی سیاسی کارمان کردووە لە هەموو رووداوەکان.
بەردەوامیی ئەو جۆرە هەڵوێستانە بۆ بەرژەوەندیی لایەنێکی سیاسی دەکەوێتە سەر ئەستۆی بەڕێز سەرۆکی دەستەکە و بەپێی یاسای دەستە بەرپرسە لە پاراستنی سیاسەتی دەستە وەک دەزگایەکی سەربەخۆ و بێلایەن و ئاکامەکانیش هەرچی بێت لەزەرەری ناوبانگی دەستە دەبێت.