بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکی بۆ دابینكردنی كارەبای بەردەوام بۆ هاوڵاتییان، لە ئێوارەی ئەمڕۆوە پاش تەواوبوونی سەرجەم ئامادەکارییە تەکنیکییەکان، كارەبای دوو قەزا و چوار ناحیە دەبێتە 24 كاتژمێری.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، لە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممەوە، پاش تەواوبوونی سەرجەم ئامادەكارییە تەكنیكییەكان و بەپێی پلانی كاركردنی پڕۆژەی رووناكی، تەواوی هاوبەشانی کارەبا لە سنووری قەزای چوارتا، ناحییەکانی سیتەک، زەلان، باسنێ، قەزای ماوەت و گوندەکانی دەوروبەری، ناحیەی گاپێڵۆن و گوندەکانی دەوربەری، كارەبایان دەبێتە 24 کاتژمێری.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێنجشەممەی رابردوو کارەبای قەزای قەرەداغ و گوندەكانی دەوروبەری، ناحیەی عەربەت و گوندەكانی دەوروبەری، ناحیەی بەرزنجە و گوندەکانی دەوروبەری، کارەبایان بووە 24 کاتژمێری.
لەبارەی ئاماری سوودمەندبووانی پرۆژەی رووناکی کارەبای سلێمانی ئاشکرایکرد، بەگشتی لە پارێزگای سلێمانی372 هەزار هاوبەشی کارەبا و یەک ملیۆن و 500,000 هاوڵاتیی سلێمانی لە پڕۆژەی رووناكی سوودمەند بوون و كارەبایان بووە بە 24 كاتژمێری، هەروەها لە سنووری پارێزگای سلێمانی 602 مۆلیدە کوژێندراونەتەوە.