دەستەی مافی مرۆڤی کوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی رووداوەکەی سنووری شێخان بڵاوکردەوە و نیگەرانیی خۆی دەردەبڕێت.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “لەکاتی دەستگیرکردنی کەسێکی داواکراو لە سنووری شێخان کە بە بازرگانیی ماددەی هۆشبەر تۆمەتباربووە، رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بووەتەوە، لەئاکامدا قوربانی و برینداری لێکەوتەوە لەنێوان هەردوولا”.
ئاماژەی بەوەشکرد، رووداوەکە نیگەرانی کردین و ئەوەی پێ وتین، هێشتا چەک لەلای خەڵکانێک هەیە لە دەرەوەی یاسا و مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی گشتیی خەڵک و بابەتی ماددە هۆشبەرەکانیش، بووەتە پرسێکی گرنگ و جێی هەڵوەستە لەسەر کردنە”.
دەستەی مافی مرۆڤ دەشڵێت، پشتیوانی لە هەر رێکارێکی یاسایی دەکەین بۆ دەستگیرکردنی داواکراوان بە رەچاوکردنی پاراستی ژیانی خەڵک و هاوڵاتییان.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، زۆرجار دەبینین داواکراوان رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان دەبنەوە و خەڵک و ماڵەکانی خۆیان وەک قەڵغان بەکاردەهێنن و دواتر هاوڵاتییان و، زۆرجاریش هێزە ئەمنییەکان دەبنە قوربانی.
باس لەوەشدەکات، “هیوادارین لەو پرسانە یاسا سەروەر بێت و داواکراوان بە رێکاری ئاسایی و یاسایی، خۆیان رادەستی دەزگا ئەمنییەکان بکەن و نەبنە مایەی تێکدانی ئاسایش و ئارامی؛ هێزە ئەمنییەکانیش لەکاتی دەستگیرکردنی داواکراوان، رەچاوی پاراستنی ژیانی خەڵکی دیکە بکەن و سنووری کێشەکە گەورەتر نەکەن”.