وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێم ئاشکرایکرد، ئێستا نزیکەی %50ی مۆلیدەکان کوژێندراونەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی رێژەی گازە ژەهراوییەکان لە هەوادا کەمببێتەوە و کاریگەریی ئەرێنی لەسەر پاکبوونەوەی ژینگە هەبێت.
د. سەنعان عەبدوڵا، وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێم لە لێدوانێکدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی پرۆژەی رووناکی، کوژاندنەوەی ئەو مۆلیدانەیە کە سەرچاوەیەکی سەرەکیی پیسبوونی ژینگەی هەرێمی کوردستانن و، گازێکی زۆری دوانە ئۆکسیدی کاربۆن دەردەدەنە ژینگەوە، ئەمەش وایکردووە پلەی گەرمیی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەرزببێتەوە و کارگەریی نەرێنی لەسەر ژینگە و تەندروستیی هاوڵاتییان دروستکردووە”.
وتیشی، “مۆلیدەکان کاریگەیی راستەخۆیان لەسەر خاکیش هەیە، وادەکەن رووپۆشی سەوزایی کەمببێتەوە، بەڵام بە کوژاندنەوەی ئەو مۆلیدانە، کە ئێستا نزیکەی %50یان کوژێندرانەتەوە، رێژەی گازە ژەهراوییەکان لە هەوادا کەمدەبنەوە”.
باسی لەوەشکرد، کوژاندنەوەی مۆلیدەکان کۆتا شت نییە بۆ رزگارکردنی ژینگە و پاکبوونەوەی ئەنجامیبدەین، بەڵکو پێویستە سەرچاوە پیسکەرەکانی دیکەی وەک پاڵاوگە و کارگەکان کۆنتڕۆڵبکرێن و مەرج و رێنمایی توندیان بۆ دابنرێت و خاوەنەکانیان ناچار بە جێبەجێکردنی رێنماییە ژینگەییەکان بکرێن.