فەرمانگەی میدیا و زانیاری: زیاتر لە چوار ملیۆن کەس فۆڕمی ئەلیکترۆنی خۆراکیان پڕکردووەتەوە

فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردەوە، پڕۆسەی پڕکردنەوەی فۆڕمی ئەلیکترۆنی خۆراک لە سبەی شەوەوە کۆتاییدێت، ئاشکراشیدەکات، زیاتر لە چوار ملیۆن کەس فۆڕمەکەیان پڕکردووەتەوە.

لە راگەیەندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیارییدا هاتووە، “پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک کە لە 6 ی ئایاری 2025 لە پارێزگای هەڵەبجە دەستی پێکرد و دوا وادەی پڕكردنەوەی فۆڕمەكەش سبەینێ سێشەممە 2 ی ئەیلوولی 2025 تا كاتژمێر 12:00 ی شەو دەبێت”.

ئاشکراشیکرد، “تا ئێستا لە كۆی ژمارەی گشتیی بەشداربووانی پسووڵەی خۆراک لە هەرێمی کوردستان، كە پێنج ملیۆن و 385 هەزار و 820 کەسە، چوار ملیۆن و 638 هەزار و 672 کەس فۆڕمەکەیان پڕکردووەتەوە و تەنیا 747 هەزار و 148 کەس ماوە، کە هێشتا فۆرمەکەیان پڕنەکردووەتەوە”.

جەختیشیکردەوە، “دوای 2ی ئەیلوولی 2025، پرۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک دەبێت بە پارە، هەر خێزانێک کە فۆڕم پڕبکاتەوە، بڕی 11 هەزار دیناری لێوەردەگیرێت بە رێگای كارتی بانكی، ئەو پارەیە دەچێت بۆ بەغداد و تۆمار دەکرێتەوە”.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە،”دوای 2ی ئەیلوول، خزمەتگوزارییەکانی وەک گواستنەوە، زیادکردن و جیابوونەوەی خێزان، کارا دەبن، بۆ هەر یەکێک لەم خزمەتگوزارییانەش، بڕی سێ تا پێنج هەزار دینار بۆ هەر خێزانێک لە رێگای كارتی بانكی وەردەگیرێت و ئەو پارەیەش ڕاستەوخۆ بۆ بەغداد دەچێت”.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share