تەندروستیی جیهانی هۆشداری لە نەخۆشیی کۆلێرا دەدات

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە راپۆرتێکی نوێدا لە بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبوون و مردن بە نەخۆشیی کۆلێرا لە سەرانسەری جیهاندا هۆشداری دەدات.

بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوەکە، لە 27 تاوەکو 30ی تەمموزی 2025 ، 67 هەزار و 705 حاڵەتی نوێی کۆلێرا و سکچوونی توند لە 18 وڵات و ناوچە تۆمارکراون، کە بەراورد بە مانگی حوزەیران ئامارەکە بە رێژەی 2% زیادیکردووە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، “لە هەمان ماوەدا 624 حاڵەتی مردن بەهۆی کۆلێرا لە سەرانسەری جیهاندا تۆمارکراون کە بە بەراورد بە مانگی پێشوو بەڕێژەی 14% زیادیکردووە”.

لە مانگی تەمموزی ساڵی 2025 ژمارەی گیانلەدەستدان بە کۆلێرا بە بەراورد بە مانگی تەمموزی 2024، بە رێژەی 43% زیادیکردووە.

بە گوێرەی راپۆرتی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ھەرێمی رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست زۆرترین رێژەی تووشبوون و مردن بە کۆلێرای تێدا تۆمارکراوە، ئەفریقا، باشووری رۆژھەڵاتی ئاسیا و ئەمریکاش لە پلەی دووەمدان.

باس لەوەشەکات، “ناکۆکییەکان، ئاوارەبوونی بەکۆمەڵ، کارەساتی سروشتی و گۆڕانی کەشوهەوا هۆکاری بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشییەکەن، بەتایبەتی لە گوندەکان و ناوچە زیانلێکەوتووەکانی لافاو لە سەرانسەری جیهاندا”.

تەندروستیی جیهانی دەشڵێت، “ژێرخانی لاواز و نەبوونی چاودێریی تەندروستی چارەسەرکردن دوادەخەن، ئەوەش وادەکات بڵاوبوونەوە زیاتر ببێت و کۆنتڕۆڵکردنیش ئاڵۆزتر”.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share