بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی رایدەگەیەنێت، بۆ دیاریکردنی سزای تیژڕەوی، ئۆتۆمبێلەکان پۆلێنکراون بۆ چەند گرووپێک و هەر گرووپێک لەو ئۆتۆمبێلانە خێراییەکی بۆ دیاریکراوە.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بەپێی ئەو رێکارانەی لەئێستادا بۆ دیاریکردنی سزای تیژڕەوی جێبەجێدەکرێن، ئۆتۆمبێلەکان پۆلێنکراون بۆ گرووپی ئۆتۆمبێلی گەورە و بچوک؛ هەر گرووپێک لەو ئۆتۆمبێلانە خێراییەکی بۆ دیاریکراوە و پێویستە شۆفێر بەپێی ئەو خێراییە ئۆتۆمبێلەکەی لێبخوڕێت، بەپێچەوانەوە توشی سزا دەبێت.
لە رووکردنەوەکەی هاتوچۆی سلێمانی ئەوەش هاتووە، ئەگەر خێرایی رێگەپێدراو لە شەقامەکەدا 100 کیلۆمەتربێت لە کاتژمێرێکدا، ئەوا بۆ ئۆتۆمبێلی گەورە ئەو خێراییە دەبێتە 80 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، ئەگەر خێرایی رێگەپێدراو لە شەقامەکەدا 80 کیلۆمەتربێت لە کاتژمێرێکدا، ئەوا خێرایی رێگەپێدراو بۆ ئۆتۆمبێلی گەورە دەبێتە 60 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.