بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق رایدەگەیەنێت، حکومەتی هەرێم ئەگەر هیچ خەرجییەکیشی نەبێت، مانگانە پێویستی بە 160 ملیار دینارە تاوەکو خۆی بەڕێوەبڕوات.
رێباز حەملان، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، ئەگەر سبەینێ حکومەتی عێراق داوا لە وەزارەتی دارایی عێراق بکات مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێم خەرجبکات، ئەوا هەر سبەینێ وەزارەتی دارایی هەرێم 120 ملیاری داهاتی نانەوتی رادەستی بەغداد دەکات.
وتیشی، حکومەتی عێراق پابەند نییە بە رێککەوتنەکانەوە، رەوا نییە دوو مانگ پاش هەر رێککەوتنێک، بە حەز و ئارەزووی خۆیان خاڵێکی دیکە بۆ رێککەوتنەکە زیاددەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، سودانی لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق وتوویەتی، ئەگەر لیژنەکان نەگەنە رێککەوتنێک لەبارەی ناکۆکییەکان لەسەر پرسی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان، ئەوا دۆسیەکە یان ئاراستەی دادگای فیدراڵی دەکرێت، یان ئاراستەی ئەنجومەنی شورای عێراق دەکرێت، تاوەکو یەکلابکرێتەوە.
رێباز حەملان ئەوەشی وت، “ئەگەر حکومەتی عێراق داهاتی نەوت و نانەوتیی حکومەتی هەرێم ببات، کەواتە حکومەتی هەرێم کاروبار و تێچووەکانی چۆن دابینبکات؟”.