بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، شێواز و مەرجەکانی خۆتۆمارکردنی کۆمپانیاکانی حەج و عومرەی لە سیستمی ئۆنڵاین بۆ ساڵی حەجی 2026 بڵاوکردەوە.
بەرێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەندراوێکدا، داوا لەو کۆمپانیایانە دەکات کە خوازیارن بۆ ساڵی حەجی 2026 داواکاری پێشکەشبکەن، پێویستە خۆیان لە سیستمی ئۆنڵاین تۆماربکەن و، پاشان لە رێگەی لیژنەیەکەوە بەگوێرەی دەرچوونی ناوەکانیان لە سیستم بۆ تیروپشک بەرز دەکرێنەوە و هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت.
باسی لەوەشکرد، بهشێک لهو کۆمپانیایانەی کە بەپێی دهستنیشانكردنی ههڵسهنگاندن و بهدواداچوونەکانی ساڵی حهجی 2025 ئاستیان باش بووە، بەبێ تیروپشک دەبرێنەوە بۆ ساڵی حەجی 2026، بەشێوەیەک بۆ هەریەک لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک، باشترین پێنج کۆمپانیا هەڵدەبژێردرێن و، بۆ هەریەک لە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران – زاخۆ – گەرمیان – راپەرین، دوو باشترین کۆمپانیا هەڵدەبژێردرێن، ئەمەش بۆ ئەوەیە ئەو کۆمپانیانەی کە باشترین خزمەتیان پێشکەش بە حاجییان کردووە و لەخزمەتی حاجییاندا بوون، پاداشت بکرێن.