باڵامبۆ محەمەد: پارتی شكستیهێنا لە دەستگیركردنی خورشید هەركی، هەوڵیشیدا یەكێتی شكستبهێنێت لە چەسپاندنی یاسا

ئەندامێكی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، پارتی و هێزە چەكدارەكانیان شكستیانهێنا لە رووبەڕووبوونەوەی خورشید هەركی و چەسپاندی یاسا، زۆریشیان پێخۆشبوو یەكێتی و هێزە ئەمنییەكانی سلێمانیش سەركەوتوو نەبن لە چەسپاندنی یاسا، بۆیە ئێستا كەوتووەتە تۆمەتبەخشینەوە.

باڵامبۆ محەمەد، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، ئەوەی لە سلێمانی روویدا هەوڵێك بوو بۆ چەسپاندنی یاسا، چونكە بڕیاری دادگا هەبوو بۆ دەستگیركردنی لاهور جەنگی و زۆر هەوڵیشدرا بەبێ‌ رووبەڕووبوونەوە ملكەچی یاسا بێت و هێز بەكارنەهێندرێت، بەڵام دیاربوو وای دەزانی وەك خورشید هەركی، دۆخەكەی بۆ دەچێتە سەر و هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی ناتوانن رووبەڕووی ببنەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، پارتی زۆر نیگەران بوو لەوەی كە یەكێتی و هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی زۆر سەركەوتووانە توانییان یاسا بچەسپێنن لە سلێمانی و، رێگە بەكەس نەدەن لەسەروو یاساوە بێت وەك ئەوەی ئێستا لە ژێردەسەڵاتی پارتی هەیە و بۆ خۆیان نەیانتوانی خورشید هەركی دەستگیربكەن و یاسا جێبەجێ‌بكەن، بۆیە ئەمە وایكردووە جێگری سەرۆكی پارتی بەناوی حكومەتی هەرێمەوە، دەستبكات بە دەركردنی بەیاننامەی بێبنەما.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share