قوباد تاڵەبانی: شوێنێک بە ناوی ئاری موختارەوە دەکەینەوە

قوباد تاڵەبانی، رایگەیاند،”ئاری موختار، شەهیدی رێگای پاراستنی ژینگە جوانەکەی هەڵەبجە و کوردستانە و وەک رێزێک لە نزیکترین کاتدا شوێنێک بە ناویەوە دەکەینەوە”.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، “زۆر بە داخەوە لە هەڵمەتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستان و شاخەکانی ناوچەی کۆکۆیی پارێزگای هەڵەبجە لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانی و گەنجان و خەڵکی خۆبەخش و ژینگەپارێزی سنوورەکە، کاک ئاری موختاری ژینگەپارێزی خۆبەخش گیانیلەدەستدا و بووە شەهیدی رێگای پاراستنی ژینگە جوانەکەی هەڵەبجە و کوردستان”.

دەشڵێت، شەهیدبوونی کاکە ئاری و هەوڵ و تێکۆشانی ژینگەپارێزان بۆ پاراستنی دارستان و شاخ و داخەکانی کوردستان هەڵگری پەیامێکی قووڵی مرۆیی و نیشتماندۆستییە و پێماندەڵێت خۆشویستن و پاراستنی ژینگە سنووری نییە.

قوباد تاڵەبانی دەڵێت، “لە دڵەوە پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری کاکە ئاریی جوانەمەرگ و هەموو خەڵکی هەڵەبجە و ژینگەپارێزانی کوردستان دەکەم، وەک رێزگرتنێک لەم شەهیدە ژینگەپارێزەمان و بۆ ئەوەی ناوەکەی و پەیامی گیانبەختکردنەکەی بۆ هەمیشە لەناو گەلەکەمان بە زیندوویی و بە بەرزی بمێنێتەوە، لە نزیکترین کاتدا لەناو هەڵەبجەدا شوێنێکی گونجاوی بەناوەوە دەکەین”.

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share