راگەیەندراوی هاوبەشی کۆبوونەوەی وەفدی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بڵاوکرایەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ی ئابی 2025 لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەهەولێر، هەردوو وەفدی دانوستانکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوامییان بەکۆبوونەوەکانیان دا.
هەردوولا لەکۆبوونەوەکەدا جەختیان کردەوە کە؛ لەژێر رۆشناییی ئەو بنەما و پرنسیپانەی لە دیدگای هاوبەشی نێوان هەردوولادا رێککەوتنی لەسەر کراوە و ئەو هەنگاوانەی نراون لەپێناو رێکخستنی کاری هاوبەش بۆ قۆناغی داهاتووی حوکمڕانیی کوردستان، بەرەوپێشچوونی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، هەروەها باس لە هەنگاوە کردەییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەرنامەیە کرا.
بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و ئەو پێشهاتانەی لە ئارادان، بۆ رێزگرتن لە ویست و ئیرادەی خەڵکی کوردستان و ئەو بەڵێنانەی هەردوولا بە جەماوەری خۆیان دابوو و دەرئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و پارێزگاری لە پێگەی یاسایی و سیاسیی هەرێمی کوردستان؛ هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە هەوڵی چڕ و جددی بدرێت بۆ ئەوەی ئەیلوولی داهاتوو، خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەست بە کار و چالاکیی ئاسایی و یاساییی خۆی بکات و هەنگاوەکانی تری پێکهێنانی کابینەی نوێ بەردەوامبن.