بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی گەرمیان رایدەگەیەنێت، لەسەر رێگای پشتێنەی شاری کەلار، بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆوە لە بەرامبەر گەڕەکی ئاوارەکان، سێ کەس برینداربوون و رەوانەی نەخۆشخانە کران.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی گەرمیان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەیانیی ئەمڕۆ (چوارشەممە) ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا هایلۆکس، لەسەر رێگای پشتێنەی شاری کەلار بە ئاراستەی ناحیەی رزگاری رۆیشتووە، لە بەرامبەر گەڕەکی ئاوارەکان کۆنترۆڵی لەدەستداوە و وەرگەڕاوە.
ئاماژەی بەوەشکرد لە رووداوەکەدا شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە، کە لەدایکبووی ساڵی 2000ـە، لەگەڵ دوو سەرنشینی لەدایکبووی ساڵی 1997 و 1966 برینداربوون و گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، تیمی هاتوچۆ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان لە هۆکار و چۆنیەتیی رووداوەکە دەستپێکردووە.