وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە: کارکردن لە پرۆژەی رێگای دوانزە ئیمام – قەرەبڵاغ لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێم رایدەگەیەنێت، کارکردن لە پرۆژەی دروستکردنی رێگای قیری (دوانزە ئیمام – قەرەبڵاغ) لە گەرمیان بەردەوامە و، رێژەی کاری ئەنجامدراو لە کۆتایی نزیکدەبێتەوە.

وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە کۆتاییەکانی مانگی ئایاری ساڵی رابردوو، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە بەردی بناغەی پرۆژەکەی دانا و لەئێستاشدا، رێژەی کاری ئەنجامدراو گەیشتووەتە زیاتر لە 85%.

دەشڵێت، پرۆژەکە پێکهاتووە لە دروستکردن و قیرتاوکردنی رێگایەک بە درێژیی 24 کیلۆمەتر، گوژمەی شەش ملیارو 950 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە، بە جێبەجێکردنی بە ماوەی 400 رۆژی رۆژژمێری، کۆمپانیای ژالیان جێبەجێی دەکات و لەلایەن بەڕێوبەرایەتیی گشتیی رێگاوبانی گەرمیانەوە سەرپەرشتیی دەکرێت.

ئاماژە بەوەشدەکات، ئەمەش بەشێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکانی وەزارەت و جگە لەوەی رێگایەکی ستراتیجییە، ناحیەی کۆکس بە شاری کفرییەوە دەبەستێتەوە، کە لەئێستادا دانیشتووانی ناحیەکە بۆ گەیشتن بە شاری کفری رێگایەکی دوورودرێژ و رێگای چەند ناحیە و شارێک دەبڕن، هاوکات دەیان گوندی سنوورەکە سوودی لێدەبینن و دەبێتە هۆی بووژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵی.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share