دەزگای ئاسایشی هەرێم رایدەگەیەنێت، نۆزدەیەمین كۆبوونەوەی (هەماهەنگیی هەوڵە ئەمنی و هەواڵگرییەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان لە سلێمانی بەڕێوەچوو).
بەپێی راگەیەندراوێكی دەزگای ئاسایشی هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بە هەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاروباری ماددە هۆشبەرەكان و كارتێكارە عەقڵییەكانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق و بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان – هەولێر، دەزگا ئەمنییە تایبەتمەندەكان بەم پرسە، لەسەر ئاستی باڵا كۆبونەوەیەكیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەهۆشبەرەكان لە سلێمانی ئەنجامدا.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لە كۆبوونەوەكەدا جەختكرایەوە لەسەر بەرەو پێشچوونی هەوڵەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان تاوەكو بتوانرێت هەمووان پێكەوە لەچوارچێوەی كاری پێكەوەیی و ئاڵوگۆڕی زانیاریی بەرەنگاری ئەم پرسە مەترسیدارە ببنەوە.