بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان پێشوازی لە د. محەمەد حەسان، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق كرد.
لە دیدارێكدا كە د. جوان ئیحسان و رزگار حاجی حەمە، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی ئامادەبوون دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، عێراق و ناوچەكە تاوتوێكران.
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جەختی لە گرنگیی گفتوگۆ كردەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچە لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداد، هاوكات پابەندبوون بە رێككەوتنەكانی بە پێویست زانی.
هێرشە درۆنییەكانی سەر هەرێمی كوردستان تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو، هەردوولا جەختیان لە پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی وڵات و گرتنەبەری رێكاری یاسایی بۆ وەستاندنی هێرشەكان كردەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خرایە بەر باس و بافڵ جەلال تاڵەبانی و د. محەمەد حەسان جەختیان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد كردەوە.