قوباد تاڵەبانی: پێویستە ئەنجامدەرانی هێرشە درۆنییەکان بۆ رای گشتی ئاشکرابکرێن و سزابدرێن

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەفدێکی باڵای سەربازیی بەریتانیا کۆبووەوە.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە وەفدێکی باڵای سەربازیی بەریتانیا بە سەرۆکایەتیی ئیدوارد ئاڵگرن، ‌راوێژكارى باڵای وەزارەتی به‌رگريى به‌ريتانیا بۆ کاروباری‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و باكوورى ئەفریقا و پێکەوە تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و دواین گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکەیان کرد.

لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە(30/7/2025) لە هەولێر بە ئامادەبوونی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە بەڕێوەچوو، ئاڵوگۆڕی بیروڕاکرا لەبارەی دۆخی ئەمنیی عێراق و ناوچەکە.

هەردوولا هاوڕابوون لە شەڕ و بارگرژییەکانی ماوەی رابردووی ناوچەکەدا سیاسەت و هەڵوێستی حکومەتی فیدراڵی عێراق ئەرێنی بووە و جەختیشیان کردەوە پێویستە حکومەتی فیدراڵ لەسەر ئەم سیاسەتە بەردەوام بێت و هەموو لایەنەکانیش بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق بە وریاییەوە مامەڵە بکەن.

سەبارەت بە هێرشە درۆنییەکان و بە ئامانج گرتنی ژێرخانی ئابوریی هەرێمی کوردستانیش، جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا لەگەڵ ئەوەی لە ماوەکانی رابردوودا هەنگاوی باش نراوە بە ئاراستەی سەقامگیریی عێراق، بەڵام دووبارەبوونەوەی ئەمجۆرە هێرشانە مەترسییە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراقیش، هیواشی خواست ئەنجامدەرانی هێرشەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێن و رووبەڕووی سزای یاسایی بکرێنەوە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە چۆنییەتیی بەهێزترکردنی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان هێزە ئەمنییەکانی کوردستان و عێراق لەگەڵ بەریتانیا کرا، لەمبارەیەوە وەفدی سەربازیی بەریتانیا جەختیان کردەوە کە بەریتانیا وەک هاوبەش و هاوپەیمان لە هەرێمی کوردستان دەڕوانێت و کار دەکەن بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان بە تایبەت لەڕووی راوێژی سەربازی و راهێنانی زیاتر بە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی کوردستان.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share