وەزارەتی دارایی هەرێم، رایگەیاند، ئەو هەواڵانەی بەناوی وەزیری دارایی بڵاودەکرێنەوە راست نین.
وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم بڵاویکردەوە، ماوەیەکە چەندین میدیا و دەزگای راگەیاندن و پەیجی رۆژنامەوانی کەوتوونەتە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و چەواشەکارانە بە ناوی وەزیری دارایی و سەرچاوەی تایبەت لەوەزارەتی دارایی لەسەر پرسی مووچە و داهاتی ناوخۆ و کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی.
دەشڵێت، بۆ رای گشتی رووندەکەینەوە هەموو ئەو لێدوان و هەواڵانەی بەناوی وەزیری دارایی بڵاوکراونەتەوە سەرجەمیان درۆیەکی پەتییە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، وەزیری دارایی و ئابوری نزیکەی دوو مانگە لێدوانی بۆ هیچ دەزگایەکی راگەیاندن نەداوە و هەر دەزگا و سایت و پەیجێکیش هەواڵی ناڕاست بە ناوی وەزیری دارایی و وەزارەت بڵاوبکاتەوە ناچارین رووبەڕووی یاسایان دەکەینەوە.