قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران پێشوازیكرد لە ستیڤ بیتنەر، كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان و پێكەوە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد و چەند پرسێكی دیكەیان تاوتوێكرد.
لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی سێشەممە لە هەولێر بەڕێوەچوو، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد بەپێی دەستوور و لە رێگای گفتوگۆ و دانوستانی بەردەوامەوە، لەمبارەیەوە جێگری سەرۆك وەزیران جەختیكردەوە لەسەر پێویستیی پابەندبوونی هەردوولا بەجێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەم دواییەی نێوانیان بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باسی هێرشە درۆنییەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان كرا و لەم چوارچێوەیەشدا قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بە زیانەكانی ئەو هێرشانە بۆسەر ژێرخانی وزەی هەرێم، جەختیكردەوە كە بەردەوامبوونی ئەم هێرشانە سەقامگیریی عێراق دەخاتە مەترسییەوە و نابێت رێگا بە دووبارەبوونەوەیان بدرێت.
هیواشی خواست حكومەتی فیدراڵ لایەنی ئەنجامدەری ئەو هێرشانە بۆ رایگشتی ئاشكرابكات و رووبەڕووی سزای یاساییان بكاتەوە.