لەسەر راسپاردەی محەمەد شیاع سودانی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە بیابانەکانی سەڵاحەدین و نەینەوا هەڵمەتی دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی هێرشی سەر کێڵگە نەوتییەکان دەستیپێکرد.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی بڵاویکردەوە، لەسەر راسپاردەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، بە پلانی فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان و سەرپەرشتیی مەیدانی سەرۆکی دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و چەندین لایەنی پەیوەندیدار، هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنین لە بیابانی حەزەر لە رۆژئاوای نەینەوا دەستیپێکرد.
ئاشکراشیکرد، ئەم هەڵمەتە لەپاش دەستکەوتنی زانیاریی ورد لەبارەی هەوڵی بە ئامانجگرتنی هێزە ئەمنییەکان و دەزگا هەستیارەکانی وڵات، لەگەڵیدا ئەو هێرشانەی لەم دوواییانەدا کرانە سەر کێڵگە نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.