گوڵاڵە سدیق، شارەزای دارایی و بانکی رایدەگەیەنێت، دادگای فیدراڵی بڕیاری خۆی داوە و چاوەڕوانی هیچ بڕیارێکی دیکەی مەبن بۆ پرسی مووچە.
گوڵاڵە سدیق لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، “بڕیاری ناردنی مووچە لای دادگای باڵای فیدراڵی نەماوە، چونکە لە مانگی 2ـی ساڵی 2024، دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری خۆی داوە سەبارەت بە مووچە، لەبەرئەوە چاوەڕوانی هیچ بڕیارێکی دیکەی دادگاکە مەبن بۆ پرسی مووچە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ هەموو پرسێک لە دادگا یەک بڕیار هەیە نەک زیاتر، دەرچوواندنی هەر بڕیاریکی تر دەبێتەهۆی سەرلێشێواندن و بێڕێزی بۆ بڕیارەکانی دادگا. هەروەها بڕیاری ناردنی مووچە لە ئەنجومەنی نوێنەرانیش نییە، چونکە لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە تەنها یاسای بودجە دەردەچێت و هەرێم پابەندکراوە بە ئەرک و مافەکانی، هەروەک چۆن لە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی جەخت لەو پابەندییە کراوەتەوە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە.
باسلەوەشدەکات، “بڕیاری ناردنی مووچە لای حکومەتی فیدراڵە، واتە لای محەمەد شیاع سودانی کە ئەویش لەئێستادا دەڵێت؛ هەتا نەوت و داهات رادەستنەکەن، مووچە نانێرم”.