کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان رایدەگەیەنێت، پشتیوانیی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکەن و ئامادەن دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت بکەنەوە.
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، “رۆژی 12ـی 7ـی 2025، ئەندامانی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان و نوێنەرانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی چالاکی بواری نەوت کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کۆبوونەتەوە”.
دەشڵێت، “کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان جەختیانکردووەتەوە، ئامادەن راستەوخۆ دەستت بە هەناردەکردنەوەی نەوت بکەنەوە لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا، ئەگەر رێککەوتنێکی نووسراو و پابەندکراو هەبێت کە تێیدا دڵنیایی بدرێت لە شێوازی پارەدان و رێزگرتن لە گرێبەستە بەرکار و یاساییەکان، هاوکات چارەسەری ئەو پارەیەش بکرێت کە هێشتا نەدراوەتە کۆمپانیاکان”.
ئاماژە بەوەشدەکات، “پێویستە شێوازی پارەدان بە کۆمپانیاکان شەفاف، روون و پەسەند بێت لەلای کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و حکومەتی هەرێم، دواتر بە رێگای کاش، یاخود گواستنەوەی پشکی شایستە وەک خۆی، بدرێت”.