وەزارەتی پلاندانانی هەرێم رایدەگەیەنێت، خەرجكردنی شایستەی دارایی بژمێرەكان دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
وەزارەتی پلاندانانی هەرێم بڵاویكردووەتەوە لە ماوەی حەوت مانگی رابردوو دوای هەوڵێكی زۆر و بەدواداچوونی بەردەوام لەلایەن وەزیری پلاندانانی هەرێم و بریكاری وەزارەت، توانرا بەشی شایستەی دارایی تایبەت بە بەڕێوەبەرەكان و یاریدەدەرەكان و بژمێرەكان، لە حكومەتی عێراق وەربگیرێت.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، رێكارە كارگێڕی و داراییەكان تەواوكراون و لە ئەمڕۆوە بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاماری پارێزگاكان هەڵدەستن بە رێكخستنی كارەكانیان بۆ دابەشكردنی ئەو شایستە داراییانە لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا.
جێی ئاماژە بۆ كردنە، هێشتا زیاتر لە 13 ملیار دینار ماوە بنێردرێت بۆ هەرێمی كوردستان، تایبەت بەو خەرجییانەی فەرمانبەرانی وەزارەت و دەستەی ئامار و بەڕێوەبەرایەتییەكانی سەر بە دەستە لە پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان، سەرباری ئەوەی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی پێ دەرچووە، بەڵام دامودەزگاكانی حكومەتی عێراق كەمتەرخەمی دەكەن لە جێبەجێیكردنی.
ئەوەش خراوەتەڕوو، وەزارەتی پلاندانانی هەرێم لە هەوڵی بەردەوامدا دەبێت بۆ وەرگرتنی تەواوی مافە داراییەكان كە نەدراون و تاكو مافی فەرمانبەرانی ئامار لە هەرێم نەفەوتێت.