لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتی رایدەگەیەنێت، دوو رۆژە پەیامی بەشێک لە بەرپرسانی پارتی، بۆنی دوو ئیدارەیی لێدێت.
لەتیف نێروەیی، لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، کاتێک بە رێنمایی، میدیای هەردوو لایەن (یەکێتی و پارتی) ئاگادارکراونەتەوە کە بەمەبەستی رەخساندنی کەشێکی ئارامتر بۆ ئەنجامدانی دانوستان لە نێوان وەفدی هەردوولا کار بۆ رەخساندنی ئەو دۆخە بکەن، میدیا و سەرکردەکانی یەکێتی بە کردەیی پابەندبوونی خۆیان بەو رێنماییانە دووپاتکردەوە، لەبەرامبەردا، بەشێک لە سەرکردەکانی پارتی ئەو دۆخەیان بە دەرفەت زانی و دەستیانکردووە بە لێدوان و پەیامی سەیرو سەمەرە و ناوەڕۆکی پەیامی بەشێکیان، بۆنی دووئیدارەیی لێدێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێکیشیان کاتێک باسی دانوستان و دابەشکردنی پشکەکان دەکەن، دیدگایەکی زۆر نالۆژیکی و هەڵەیان هەیە و وادەزانن خێرێک بە یەکێتی دەکەن و کەی ویستیان، خێرەکە رادەگرن.
لەتیف نێروەیی جەختدەکاتەوە، “ئەم جۆرە لێدوان و بیرکردنەوەیە، هیچ نرخ و بەهایەکی نییە و تەنیا بەربەست لە بەردەم ئەنجامدانی دانوستانێکی هاوسەنگ و بەرپرسیارانە دروستدەکات، کە پێدەچێت مەبەستی سەرەکییان هێشتنەوەی دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان بێت، نەک پێکهێنانی حکومەتێکی نوێی خزمەتگوزار و دادپەروەر، گەر وانییە، بۆ دەبێت تەنیا لە دوو رۆژی رابردوودا، پێنج سەرکردەی ئەوان لە پێنج پەیامی جیاوازدا بە ئارەزووی خۆیان و لە دەرەوەی بەڵێنی هێورکردنەوەی دۆخەکە، فاڵ بۆ یەکێتی بگرنەوە”.