بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت، چەکدانانی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی هەنگاوێکی مێژووییە، بۆ دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە باکووری کوردستان و تورکیا لە رێگەی دیالۆگ و ئاشتییەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پەیامێکدا نووسیوویەتی، “یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باوەڕی تەواوی بەوە هەیە کە خوێنڕشتن کێشەکان قوڵتر دەکاتەوە و ئێستا سەردەمی بێدەنگکردنی چەکەکان و چوونە سەر مێزی گفتوگۆیە بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواکانی هەموو لایەک”.
دەشڵێت، “ئێمە لە کاتێکدا لە هەوڵەکانمان بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی بەردەوام دەبین، شانازیش دەکەین بەوەی کە ئەو بناغە ئاشتییەی یەکەمجار سەرۆک مام جەلال دایڕشت ئەمڕۆ جێبەجێدەکرێت”.
ئاماژە بەوەشدەکات، “هیوادارین ئەم هەنگاوە ببێتە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی نێوان لایەنەکان و کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر پتەوکردنی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان هەبێت”.