دیداری یەكێتی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت

دیداری یەكێتی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت، كە حزبەكە بە هۆكارێكی گرنگ بۆ بەهێزكردنی خواستی چاكسازی لە دامەزراوە و ئۆرگانەكانی خۆی و دووبارە داڕشتنەوەی سیاسەتەكانی ناویدەبات.

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دیداری یەكێتی لە هۆڵی پێشمەرگە لە سلێمانی دەستیپێكرد و بڕیارە تێكەڵ بەیادی دامەزراندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و دەستپێكردنی شۆرشی نوێ بكرێت و چەند ڕۆژێك بخایەنێت.

لە دەستپێكدا قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری دیدارەکە ڕایگەیاند، دیداری یەکێتی دەبێتە مایەی نزیکبوونەوەی یەکێتی لە جەماوەرەکەی و دەنگدەرەکانی، هەروەک مام جەلال وتویەتی، سەفین لە بن بێت یەکێتی لە بن نایەت، بۆیە هەر کەسێک پێیوایە یەکێتی لەبەردەم ڕووخاندایە خەیاڵی خاوە”.

وتیشی، “لە چەند ساڵی ڕابردوودا یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕووبەڕووی کێشەی زۆر بوونەوە، هەر لە دوای کۆنگرە هەوڵی کوشتنی سەرۆک بافڵ تاڵەبانی درا، بەڵام لە ژێر سەرکردایەتی ئەودا توانیمان ئارامی بۆ یەکێتی بگەڕێنینەوە”.

لە درێژەی وتەكانیدا قوباد تاڵەبانی وتی، “ئەم دیدارە بۆ ئەوەیە ئاسانی بکات بچینەوە ناو جەماوەری یەکێتی و بۆ خۆدەرخستن نییە، دەبێت یەکێتی بەهێزتر بێت لە ئەمڕۆ و نزیکتر بێت لە جەماوەر”.

باسی لەوەشکرد، “دوای کۆنگرەی چوارەم یەکەم کەس کە سزادرا خۆم بووم و شانازی پێودەکەم، بۆیە ئێوەش ئەندامان و کادیران سزادەدرێن وەک چۆن لە ڕابردوودا سزادراون”. ئەوەشی وت، “خەڵک چاوەڕێیە یەکێتی دەستپێشخەری چاکسازی بکات و پێشڕەوی بکات، یەکێتی تاکە حیزبە ڕەخنە دەگرێت و قبوڵی ڕەخنەش دەکات”.

دواتر گفتوگۆیەك لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەنجامدرا و ڕایگەیاند، ”ئەگەر باشترین و ڕێکوپێکترین و بێ کەموکوڕیترین کۆنگرەشمان بکردایە من پێموایە پێویستمان بەم دیدارە دەبوو”.

وتیشی، ئەم دیدارە دەبێتە تەواوکەری کۆنگرەی یەکێتی، لەبەرئەوەی چەند ساڵێکی زۆربوو کۆنگرەی یەکێتی نەبەسترابوو، بۆیە بیرکردنەوەیەکی ناواقعی بوو ئەگەر چاوەڕێمان بکردایە بە یەک کۆنگرە سەرجەم کێشەکان چارەسەر دەبن.

بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لە گرنگی دیداری یەکێتی کردەوە و ئاشکرایکرد، “زۆر دەمێکە ئێمە بەیەکەوە دانەنیشتووین کە پرسیاری قورس لەخۆمان بکەین بۆچی دۆخی هەرێمی کوردستان وایە؟ بۆچی عێراق و پارجەکانی دیکەی کوردستان دۆخیان بەمجۆرەیە؟، بۆیە ئەم دیدارە گرنگە و دەبوو ئەو پرسیارانە لەخۆمان بکەین”.

سەبارەت بە نیگەرانی بەشێک لە ئەندامانی حزبەکە لە ئەگەری پشتگوێخستنیان بافڵ جەلال تاڵەبانی وتی، “ئەگەر کادیرە بەئەزموونەکانمان وابیردەکەنەوە کە پشتگوێدەخرێن ئەوە هەڵەی ئێمەیە کە نەمانتوانیوە تێیانبگەیەنین چەند پێویستمان بە ئەزموونەکەیانە”.

لە وەڵامی پرسیاری ئەو پرسیارەشدا باسی لەوەکرد، کە حەزی لەوە نییە کە ئەوترێت یەکێتیی تازە وتی، “با وابکەین یەکێتی ببێتەوە یەکێتیی مام جەلال، ببێتەوە بە یەکێتیی ئێمە”.

هەر سەبارەت بە کادیرە بەئەزموونەکانی یەکێتی بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لە گرنگی ڕۆڵی گەنجان و ژنان و وتی، بەوە دەتوانین “زیاتر یەکێتی ببەینە پێشەوە ناڵێم بیبەینە پێشەوە چونکە بردوومانەتە پێشەوە، بەڵکو ئەڵێم زیاتر بیبەینە پێشەوە”.

سەرۆكی یەكێتی باسی لە هاودەنگی یەکێتی و حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان کرد بەرامبەر هەڵبژاردن وتی، “ڕوونە کە هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان و سەرجەم حزبەکان جگە لە یەک یان دوو حزب ناڕازین لە شێوازی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان، ئێمە وەکو یەکێتی ئەمڕۆ سیاسەتی خۆمانمان هەیە، پاشکۆی هیچ لایەنێک و هیچ وڵاتێک نابین”.

خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بەوەی ڕای زۆرینەی حزنەکان وەکو یەکێتییە و لە دانیشتنیان لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان بە پارتی دیموکراتی کوردستانیشەوە توانیویانە لە کیشەکانی هەڵبژاردن تێبگەن.

ئەوەشی ئاشکراکرد، “ئێمە ئەوە دەزانین کە بەهۆی کێشەکانی ناوخۆمان هەڵەمان هەبووە بۆ هەندێک لە بابەتەکان کارمان نەکردووە، بەڵام دڵنیابن یەکێتیی ئەمڕۆ ئەو یەکێتییەیە کە کاردەکات بۆ خەڵکی ئەم وڵاتە یەکەمجار دواتر بۆ حزبەکەی خۆی”.

داوا لە حزبەکان دەکات کە ئەگەر لە حوکمڕانی ناڕازین “بێنەپێشەوە تاوەکو چەترێک دروستبکەین بۆئەوەی لەو هەڵبژاردنەدا گۆرانکاریی ڕاستەقینە دروستبکەین لە حوکمڕانیی کوردستان”.

لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاشکرایکرد، “ئەوەی من تێگەیشتم لە کۆبوونەوەکە ئەوەبوو نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانە لەوەی لایەنە کوردییەکان گفتوگۆ ناکەن لەگەڵ یەکتر، ئەوان بەبیانووی هەڵبژاردن ئێمەیان کۆکردەوە، بزانن ئەوە چەند خراپە ئێمە پێویستمان بە نەتەوە یەکگرتووەکان هەبێت بێن کوردەکان کۆبکەنەوە”. ڕوونیشیكردەوە، “پێشنیار کراوە لە 9ی حوزەیران کۆبوونەوەیەکی دیکە بکرێت”.

بابەتی پێشتر

وتەكانی ئەنچیلۆتی پێش یاریی كۆتایی چامپیۆنز لیگ

بابەتی دواتر

چامپیۆنز لیگ.. ئەمشەو یاریی كۆتایی بەڕێوەدەچێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

2500 هەلی كار دەڕەخسێندرێت

وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم رایدەگەیەنێت، بەردی بناغەی پرۆِژەیەكی گرنگی و ستراتیژی AGRO TECHمان دانا كە پڕۆژەكە…
Total
0
Share