“ئەگەری هەیە دووشەممە دادگای فیدراڵی بۆ ناردنی مووچە فەرمانسالارییەک دەربکات”

ئەندامێکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەگەر گفتوگۆکانی هەرێم و بەغداد بە ئاراستەیەکی ئەرێنیدا بڕۆن، ئەگەری هەیە رۆژی دووشەممە، دادگای فیدراڵی بۆ ناردنی مووچە فەرمانسالارییەک دەربکات.

شیروان میرزا، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، یەکێک لە چارەسەرەکانی گرفتی هەرێم و بەغداد روونکردنەوە، یان فەرمانسالارییەک بوو لە دادگای فیدراڵییەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی دوای جەژن، دادوەرەکان لە حەج بوون و دواتر سەرۆکی دادگای فیدراڵی خۆی خانەنشین کرد، فەرمانسالارییەکە دەرنەچوو.

وتیشی، بۆ رۆژی دووشەممە، دەرکردنی فەرمانسالارییەک یان روونکردنەوەیەک لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، کە وەزارەتی دارایی عێراق ناچاربکات مووچە بنێرێت و تێکەڵی کێشمەکێشمە سیاسییەکانی نەکات، ئەگەرێکی چاوەڕوانکراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، دادگای فیدراڵی چاوەڕێی بەروپێشچوونی گفتوگۆکانی هەرێم و بەغداد دەکات و، ئەگەر گفتوگۆکان بە ئاراستەیەکی ئەرێنی و رێککەوتندا بڕۆن، فەرمانسالارییەک دەردەکات بۆئەوەی راستەوخۆ مووچە بنێردرێت.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share