گوڵاڵە سدیق: ئەمساڵیش مووچەمان دەفەوتێت

گوڵاڵە سدیق، شارەزای دارایی و بانكی رایگەیاند، ئەمساڵیش مووچەمان دەفەوتێت و لە ساڵی 2023ەوە، دوای راگرتنی فرۆشتنی نەوت لە رێگای بۆرییەوە لە هەرێمی كوردستان، هەموو ساڵێك لە ناوەڕاستی ساڵەوە گرفتی نەهاتنی پارە لە بەغدادەوە سەرهەڵدەدات بە شێوەیەك لە كۆتایی ساڵ باجەكەی مووچەخۆران دەیدات و یەك دوو مووچەی مووچەخۆران دەفەوتێت.

راشیگەیاند، ساڵی 2023 لە مانگی حەوتەوە ئەم كێشەی نەهاتنی پارە سەریهەڵدا، نزیكەی 70 رۆژ زیاتر لە هەرێم مووچە دابەشنەكرا و دواتر لە پڕ دڵی بەغداد نەرمبوو بڕیاردرا سێ 700 ملیار دیناری بە قەرز لەلایەن بەغدادەوە بۆ هەرێم بنێردرێت، ئەوەبوو لەو ساڵەدا سێ مووچە لە كۆتایی ساڵدا فەوتا، بەڵام نەمانزانی بۆچی تاوەكو ئێستا بەغداد داوای ئەو سێ 700 ملیار دینارە قەرزەی لە هەرێم نەكردەوە كە دەكاتە دوو ترلیۆن و 100 ملیار دینار.

وتیشی، “ساڵی 2024 دیسان لە ناوەڕاستی ساڵەوە ئەم كێشەیە سەریهەڵدایەوە و لە كۆتایی ساڵدا مووچەیەك فەوتا و دیسان ئەمساڵیش لە ناوەڕاستی ساڵدا ئەم كێشەیە سەری هەڵداوەتەوە، وا دەگەینە ناوەڕاستی مانگی حەوت، بەڵام هێشتا مووچەی مانگەكانی 5 و 6 دابەشنەكراوە، لە ئێستاوە ئاماژەكانی دەركەوتوون و ئەگەر سبەی رۆژ رێككەوتنیش بكرێت ئەوا لە كۆتایی ئەمساڵدا مووچەیەك یان دوان دەفەوتێت”.

دەشڵێت، “باشە بۆچی هەمیشە بەغداد لە ناوەڕاستی ساڵ پرسی رادەستكردنی نەوت و داهاتی ناوخۆی بیردەكەوێتەوە و بۆچی هەر لە سەرەتای ساڵەوە بەغداد دەست نابات بۆ ئەم پرسە و یەكلایی ناكاتەوە”؟!هاوكات گوڵاڵە سدیق دەشپرسێت، تۆ بڵێیت ئەم هات و نەهاتە سوودفە بێت؟!.. یان رێككەوتن؟!.. بۆئەوەی لە كۆتایی ئەمساڵدا باجەكەی مووچەخۆر بیدات و بەو باجەش ئەوانیش هەندێك پاكتاو دەكەن”.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share