قەییوم بۆ شارەوانیی ناوچەی کاغزمانی سەر بە پارێزگای قەرس لە باکووری کوردستان دانرا.
ئەمڕۆ دووشەممە، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، محەمەد ئاڵکان، هاوسەرۆکی شارەوانیی قەزای کاغزمان لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و راستەوخۆ ئۆکان داشتان، قائیمقامی قەزاکە بۆ شوێنەکەی دەستنیشانکرا.
نەجلە دەمیر، پەرلەمانتاری پارتی دەم لەبارەی ئەو بڕیارەوە دەڵێت، دانانی قەییوم لەبری سەرۆکی شارەوانی دەستوەردانە لە ئیرادەی خەڵک و پێچەوانەی بەها دیموکراسییەکانە.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، محەمەد ئاڵکان سزای شەش ساڵ و سێ مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندراوە و بەمهۆیەشەوە، ناتوانێت بەردەوام بێت لە ئەرکەکەی وەک سەرۆکی شارەوانی.
دەشڵێت، دانانی قەییوم ئەرکێکی یاساییە، بەمەبەستی دووربوون لە پەککەوتنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان.
جێی ئاماژە بۆکردنە، تائێستا وەزارەتی ناوخۆی تورکیا قەییومی بۆ 10 شارەوانیی پارتی دەم داناوە.