پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی: بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە نزیکەی 80 دۆنم پوش و پاوان سووتان

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لە سنووری گوندی کلکەسماق، ئاگر کەوتەوە و بەهۆیەوە نزیکەی 80 دۆنم پوش و پاوان سووتان.

لە راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانیدا هاتووە، “ئاگرێك لە سنووری گوندی کلکەسماق کەوتەوە و دەستبەجێ مەفرەزەیەك لە کارمەندانی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی دوکان، دەرچوون بەرەو شوێنی ئاگرەکە بەمەبەستی کوژاندنەوەی”.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەنجامدا بە هاوکاریی ئاگرکوژێنەوەی قەزای دوکان و هاوڵاتییانی سنوورەکە، توانرا ئاگرەکە کۆنترۆڵبکرێت و بکوژێندرێتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، بەهۆی ئاگرەکەوە، نزیکەی 80 دۆنم پوش و پاوان سووتان و سەدان داری سروشتی زیانیان پێگەیشت و، وەک بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی پێکردووە، “گوماندەکرێت پاشماوەی ئاگری گەشتیاران هۆکار بێت بۆ دروستبوونی ئاگرەکە و لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لەوبارەیەوە، بەردەوامە”.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share