میدیاکانی عێراق ئاشکرایانکرد، دۆخی بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار بەتەواوی ئاساییبووەتەوە و ئەمڕۆش، هێزەکانی ئەمریکا، گەڕانەوە بۆ بنکەکە.
ئەو میدیایانە لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازیی ئاگادارەوە ئاماژەیان بەوەکردووە، هێزەکانی ئەمریکا سەرجەم رێوشوێنە خۆپارێزییەکانیان هەڵگرتووە کە لەدوای رووداوەکانی 13ی حوزەیران، لەناو بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد-دا سەپێندرابوون، لەوانەش سنووردارکردنی جووڵە و هەڵفڕینی فڕۆکەکانی ئەو بنکەیە.
ئەوەشخراوەتەڕوو، دەروازە سەرەکییەکانی چوونە ژوورەوە بۆ بنکەکە لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەرەبەیانەوە کراونەتەوە و چەندین کاروانی سەربازیی ئەمریکا، چوونەتەوە ناو بنکەکە؛ هاوکات هێلیکۆپتەرەکانیش بەشێوەیەکی ئاسایی دەستیان بە فڕین و نیشتنەوە کردووەتەوە.
بەهۆی شەڕی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل و دواتریش هێرشی ئەمریکا بۆسەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران، بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار (کە تایبەتە بە هێزەکانی ئەمریکا)، چۆڵکرا.