ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، پێزانینیان بۆ خۆڕاگری و پشوودرێژیی مووچەخۆران هەیە و تێگەیشتنی تەواویان بۆ بارودۆخی ناهەمواری هاوڵاتییان هەیە.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنەکە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بە ناوی ئەنجومەنەوە، ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە دەسپێشخەریی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەکات تایبەت بە راگەیاندنی ئاگربەست و وەستانی شەڕ و پشتیوانیی هەوڵەکانی سەرۆکی ئەمەریکا دەکات، لەپێناو چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیریی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەوەش هاتووە، “لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری لە راپۆرتێکدا، هەڵسەنگاندنێکی بۆ بارودۆخی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان خستەڕوو، بەتایبەتی دوای ئەوەی بە بڕیارێکی نادەستووری و نایاسایی و بەشێوەیەکی ناڕەوا، وەزیری دارایی فیدراڵ، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی بڕی”.
لە راگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی وەزیراندا ئەوەشخراوەتەڕوو، “وەزیری دارایی لە راپۆرتەکەدا، بە وردیی و بە زانیاری و ژمارە خشتەی داهات و خەرجیییەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ ساڵی دارایی 2025 لە 1ـی 1ـی 2025 تاوەکو 20ـی 6ـی 2025 خستەڕوو، لە خشتەی داهاتەکاندا، سەرچاوەی داهاتەکانی هەرێمی کوردستانی روونکردەوە و لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەی وەزیری دارایی و ئابوری، داتا و ژمارەکانی خشتەی خەرجیی مانگانەی مووچە و بەرکاربردن و پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی خستەڕوو و ئاماژەی دا بەوەی کە مانگانە، سەرجەم ئەم داتا و ژمارانە، لە چوارچێوەی تەرازووی پێداچوونەوە، ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کراون و لەلایەن تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ و هەرێم، بەشێوەیەکی وەرزی، پێداچوونەوە و وردبینییان بۆ کراوە. لە کۆتایی راپۆرتەکەش، چەند پێشنیارێک خرانەڕوو بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی بەکاربردنی وەزارەتەکان، بە ئاراستەی ئەوەی کاری لە پێشینە بۆ دابینکردنی شایستەکانی مووچەخۆران بێت کە پێشەنگی بایەخی حکومەتی هەرێمی کوردستانە”.
باسلەوەشکراوە، “پاشان، سەرۆک وەزیران، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پێزانینی بۆ خۆڕاگری و پشوودرێژیی مووچەخۆران و خەڵکی هەرێمی کوردستانی دەربڕی، کە بە هۆی نەناردنی شایستە داراییەکانیان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە، لە دۆخێکی دارایی سەختدان و ئەنجومەنی وەزیران تێگەیشتنی تەواوی بۆ بارودۆخی ناهەمواری هاوڵاتیيان هەیە. بەڵام دڵنیاییشی دا کە هەموو هەوڵێک دەدەین مافەکانیان نەفەوتێت و لە گفتوگۆکانیش لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بەردەوامن بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا، بگەینە چارەسەرێک بۆ کێشەی مووچە کە بە رێکارێکی نادەستووری، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕیاری راگرتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی دا، کە دژ بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵییشە. سەرۆک وەزیران روونیکردەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، بڕیارە شاندێکی حکومەتی فیدراڵ لەم رۆژانەدا سەردانی هەولێر بکات”.
ئەنجومەنی وەزیران دەشڵێت، “لە دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران جەختیکردەوە لەسەر کارکردنی بەردەوام لەپێناوی دابینکردنی مووچە و شایسەتە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم، بۆ ئەم مەبەستەش، ئەنجومەنی وەزیران هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابوری و سامانە سروشتییەکانی راسپارد، کە بەردەوامبن لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدراڵ، بە ئاراستەی گەیشتن بە لەیەکترگەیشتنی هاوبەش لەسەر ئەم بابەتە”.
“ئەنجومەنی وەزیران، هەڵوێستی خۆی دووپاتدەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی بەجێگەیاندووە و پێویستە وەزارەتی دارایی فیدراڵ، مووچەی هەرێمی کوردستان خەرجبکات و وەک مافێکی شایستە بە مووچەخۆران بە دووری بگرێت لە ناکۆکییەکانی نێوان هەردوولا، هەروەها ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیی لە دەستپێشخەریی سەردانی شاندی حکومەتی فیدراڵ دەکات بۆ هەولێر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە”.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “سەبارەت بە راپۆرتەکەی وەزیری دارایی و ئابورییش، ئەنجومەنی وەزیران جەختیکردەوە لەسەر گرنگیی پێداچوونەوە بە داهات و خەرجییەکان بەشێوەیەکی گشتی و رێکخستنەوەیان بەجۆرێک، کە دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران، كاری لەپێشینەی سیاسەتی دارایی گشتییە لە هەرێم. هەروەها جەخت لە گرنگیی رێکخستنەوەی خەرجیی بەکاربردن و نەسریەی وەزارەت و دامودەزگاکان و پێداچوونەوە بە بوارەکانی ئەم خەرجییانە کرا، بۆ ئەم مەبەستەش، لیژنەیەک راسپێردرا کە بە هامەهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، پێداچوونەوانە بە داهات و خەرجیی بەکاربردنی وەزارەت و دامودەزگاکان بکەن”.