میدیاکانى ئێران لە زارى بەرپرسێکى وڵاتەکەوە بڵاویانکردەوە، لە ئێستادا هیچ ئاماژەیەکى بوونى بارگرژیی سەربازى لەنێوان تاران و واشنتن لەئاردانییە.
بەرپرسە ئێرانییەکە، کە ناوى نەهێنراوە، بە کەناڵى “ئەلمەیادین”ى راگەیاند، ئامانجى ئەمریکا فشارکردنەسەر ئێرانە بۆ سازشى زیاتر لە دانوستانە ئەتۆمییەکان و پەسەندکردنى پێشنیارەکانى ئەمریکا.
ئێوارەى دوێنێ ژمارەیەک میدیاى جیهانى بڵاویانکردەوە، ئەمریکا کارمەندانى باڵیۆزخانەکانى لە عێراق و چەند وڵاتێکى دیکە بۆ کشانەوە ئاگادارکردووەتەوە و، ئەمەش پێشبینیی مەترسیی ئاڵۆزبوونى دۆخى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست هێنایە ئاراوە.
بڕیارە لە چەند رۆژى داهاتوودا دانوستانە ئەتۆمییەکان لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێراندا دەستپێبکاتەوە، بەپێى ئەو زانیارییانەش کە دزەى پێکراوە تاران ئامادەکارى دەکات بۆ پێشکەشکردنى پێشنیارى نوێ، پاش رەتکردنەوەى پێشنیارەکەى پێشوو لەلایەن واشنتن-ەوە.