کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق مەرجە پێویستەکانی بۆ بوون بە کارمەندی سەر سندوقەکانی دەنگدان بڵاوکردەوە.
کۆمسیۆنی عێراق رایگەیاند، پێویستە ساڵی لەدایکبوونی داواکار، لە 1970 کەمتر نەبێت و لە 2006 زیاتر نەبێت، لە پۆلی (فەرمانبەر، خوێندکار و دەرچووان).
ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە ئەو کەسەی فەرمانبەرە و داوای بوونە کارمەندی دەنگدان دەکات، لانیکەم بڕوانامەی خوێندنگەی ناوەندی (پۆلی 9)ـی هەبێت و ئەو کەسەشی دەرچووە و داوای کارەکە دەکات، پێویستە لانیکەم بڕوانامەی دبلۆمی هەبێت.
هاوکات کۆمسیۆن چەند مەرجێکی دیکەشی دیاریکردووە کە بریتین لەمانەی خوارەوە:
– پێویستە داواکار کارتی دەنگدانی درێژخایەنی هەبێت.
– دەبێت دانیشتووی ئەو پارێزگایە بێت کە داواکاریی تێدا پێشکەشدەکات.
– داواکاری لەسەر بنەمای رووبەری جوگرافیای ناوەندی تۆمارکردنە.
– نابێت داواکار لەنێو ئەو کەسانەدا بێت کە بڕیاری سزا، یان بێبەشکردنی پاداشتیان لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە بۆ دەرچووە.
– نابێت خزمی کاندیدەکانی هەمان پارێزگا بێت، وەک (باوک/دایک/کوڕ/برا/خوشک/مێرد/ژن/مام/خاڵ/ئامۆژن/خاڵۆژن).
– داواکار نابێت ئەندامی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان، نوێنەری پارتە سیاسییەکان، چاودێرێکی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بێت و پێویستە سەربەخۆ بێت، ئەمە جگە لە پابەندبوونی بەو پەیڕەوی رەفتارییەی کە کۆمسیۆن دیارییدەکات.
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ، کۆمسیۆن بەستەری داواکاری بۆ بوون بە کارمەندی سەر سندوقەکانی دەنگدان کارابکات و داواکاران، دەتوانن لەڕێی ئەو بەستەرەوە، داواکاری پێشکەشبکەن.