جێگرى سەرۆکى پارتى پیرۆزبایى ساڵیادى دامەزراندنى یەکێتى دەکات و رایدەگەیەنێت، هیوادارم وەک لایەنێکى گرنگ لە داکۆکیکردن لە پرس و دەسکەوتە نیشتمانییەکان و قەوارەی دەستووریی هەرێم سەرکەوتوو بێت.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگرى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، بە بۆنەی (50)یەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک، سەرکردایەتی و گشت ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
وتیشى، “ئومێدەوارم یەکێتی وەک حزب و لایەنێکی گرنگی هەرێمی کوردستان، لە خەبات و تێکۆشانی خۆی لە پێناو داکۆکیکردن لە پرس و دەسکەوتە نیشتمانییەکان و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو بێت”.
مەسرور بارزانى سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی دەیەم-یش دەڵێت، “لەم بۆنەیەدا، جەخت لە پێویستیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا دەکەینەوە، بۆ ئەوەی درێژە بە کارنامە چاکسازییەکەی و خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان بدات و رووبەڕووی ئاڵنگارییە هەرێمی و ناوچەییەکان ببێتەوە”.