بەبۆنەی یادی دامەزراندنییەوە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم، پەیامێکی ئاڕاستەی یەکێتی کرد و رایگەیاند، جەخت لە ئامادەیی و رۆڵی گرنگی یەكێتی لە پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و عیراقدا دەكەنەوە.
نێچیرڤان بارزانی لە یادی 50 ساڵەی دامەزراندن و یۆبیلی زێڕینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا پەیامێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، گەرمترین پیرۆزبایی پێشكەش بە بەڕێزتان و سەركردایەتی و تەواوی ئەندامان و جەماوەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەم، هیوای سەركەوتن و پێشكەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازم.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا باسیلەوەکردووە، لەم یادەدا بە رێزەوە دامەزرێنەری یەكێتی، خوالێخۆشبوو سەرۆك مام جەلال تاڵەبانی و هەموو ئەو شەهید و تێكۆشەرانە بەبیر دەهێنینەوە كە لە ریزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، قوربانییان بۆ ئازادی داوە. كاروانی پێنج دەیە خەبات و تێكۆشانی یەكێتی، شایستەی رێز و پێزانینە.
لە کۆتایی پەیامەکەشیدا ئاماژەی بەوەکرد، جەخت لە ئامادەیی و رۆڵی گرنگی یەكێتی لە پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و عیراقدا دەكەینەوە، هیوادارین ئەم یادە ببێتە هاندەرێكی بەهێزی پتەوكردنی یەكڕیزیی نیشتمانی و پێكەوەیی لەنێوان هەموو لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی كوردستاندا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەكان، هەروەها بۆ كاركردنی هاوبەش لەپێناو پاراستنی دەستكەوتەكان و مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستاندا و دڵنیابوون لە داهاتوویەكی باشتر بۆ گەلی كوردستان.