پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، “بەتۆمەتی دزیكردن دوو تۆمەتبار دەستگیركران”.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی هاوڵاتییەك سكاڵای تۆماركرد كە مۆلیدەی كارەبایی لێدزراوە، مەفرەزەكانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی كوردسات لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانیان دەستپێكرد و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو دەستگیربكرێت.
پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، ئێستا تۆمەتبار (ع ، ر ، م) لەدایكبووی 1976 دانی بەتاوانەكەیدا ناوەو بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە.
دەشڵێت، لەچالاكییەكی تردا و لەلایەن نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی كوردسات و بەهاوكاریی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی رۆژئاوا و لەسەر سكاڵای چەند هاوڵاتییەك، تۆمەتبارێك دەستگیركرا كە كێبڵی كارەبایی دزیبوو، تۆمەتبار (م، س، خ) لەدایكبووی 1992 دانی بەتاوانەكەیدا ناوەو بەبڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوە و بەپێی ماددەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە.