ئیلۆن مەسک، ملیاردێری جیهان و گەورە راوێژکاری دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەرکەکەی کۆتاییهاتووە و ئیدارەی ترەمپی بەجێهێشتووە.
مەسک بۆ ماوەی چەند مانگێک وەک بەرپرسی فەرمانگەی کارامەیی حکومەت کاریکرد، کە ئامانجی کەمکردنەوەی خەرجییەکانی ئیدارەی ئەمریکا بوو.
مەسک هەواڵەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردەوە و وتی، “لەگەڵ کۆتایی هاتنی ماوەی دیاریکراوی من وەک کارمەندێکی تایبەتی حکومەت، دەمەوێت سوپاسی سەرۆک ترەمپ بکەم بۆ ئەوەی دەرفەتی بەشداریکردنی لە کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکان پێدام”.
مەسک خاوەنی کۆمپانیاکانی سپەیس ئێکس، نیورالینک و تێسلایە و لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمريکا ئەرکی کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەتی فیدراڵی و ئيدارەکەی وەک راوێژکاری باڵای خۆی پێبەخشی.
بۆ ئەو مەبەستەش ترەمپ، مەسکی کرد بە سەرپەرشتیاری وەزارەتێکی نوێ بەناوی وەزارەتی کارامەیی حکومەت.