بۆچى دانیشتووانى سلێمانى لەسەر ئاستى عێراق تەمەن درێژترینن؟

بەڕێوەبەرى ئامارى سلێمانى ئەو هۆکارانە رووندەکاتەوە کە وایکردووە دانیشتووانى سلێمانى وەک تەمەن درێژترین لەسەر ئاستى عێراق تۆماربکرێن.

شوان جەبار، بەڕێوەبەرى ئامارى سلێمانى بە تۆڕى میدیایى ئێستاى راگەیاند، بەپێى دوایین ئامارى سەرژمێریی گشتى کە مانگى 12ى ساڵى رابردوو بەشێوەى رێژەیى و سەرەتاییى راگەیەندرا. دەرکەوت ژمارەى دانیشتووان لەو تەمەنەدا کە 65 ساڵ بەرەو سەرەوەیە زۆرترینى کەوتووەتە پارێزگاى سلێمانى کە رێژەکەى (5.2)ە.

سەبارەت بە هۆکارەکەیشى وتى، “رۆشنبیریى تاک لە ئاستى تەندروستیدا بەرزە و، ئەو خزمەتگوزارییە تەندروستییانەى پێشکەش دەکرێن، کوالێتییەکى باشتریان هەیە”.

شوان جەبار باسى لەوەشکرد، بە گشتى پارێزگاکانى هەرێم لە پێشەوەى پارێزگاکانى عێراقەوە دێن لە رووى بوونى کەسانى بەتەمەن، کە مەبەست پیربوون نییە، بەڵکو ئەو کەسانە زۆرتر دەژین و رێژەکەشیان زیاترە.

هەروەک هۆکارەکانى تەمەن درێژی زیاتر روونکردەوە و ئاماژەیدا، لەلایەک مامەڵەى باشتر دەکرێت لەگەڵ نەخۆشییە درێژخایەنەکاندا، بەتایبەتى شەکرە، دڵ و پەستانى خوێن، لەلایەکى دیکەش هۆشیاریى تاکەکان بەرزە و، ئەمەش خۆى دەبینێتەوە لە ئەنجامدانى پشکنینى پێشوەختە.

ئاستى رۆشنبیریی خێزان-یش بەرزە، بەتایبەت ژنان، لەکاتى دووگیانبووندا رێکارى خۆپارێزیى زیاتر پەیڕەو دەکەن تا ئەوکاتەى کۆرپە لەدایکدەبێت، جگە لەوەى ئەو کوتان و رێکارانەى بەکاردەهێندرێن بۆ منداڵان لە ئاستى کوالێتیدا پێشکەش دەکرێن، کە وایکردووە کەمترین رێژەى مردنى منداڵ لەکاتى لەدایکبووندا لە سلێمانى بێت، شوان جەبار واى وت.

ئەوەشى خستەڕوو، قەبارەى خێزانیش رۆڵى هەیە، لەو بیرکردنەوەیەى بوونى وەچەیەکى کەمتر، لە بەرامبەر تەندروستى و خۆشگوزەرانى و پەروەردەیەکى باشتر.

بەڕێوەبەرى ئامارى سلێمانى دووپاتیشیکردەوە، بەرزیی ئەو رێژەى تەمەن درێژییە لەخۆڕا نییە و بنچینەى هەیە، کە جگە لەو هۆکارانە، هۆکارى دیکەشى هەن وەک ئەوەى رێژەى بێکارى، نا ئارامى و هێڵى هەژارى کەمتریینان لە پارێزگاى سلێمانین.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share