سەرۆکى یەکێتى دەربارەى پرۆسەى چارەسەر لە باکوورى کوردستان رایدەگەیەنێت، هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ ئەوەدابووین کە بژاردەی گفتوگۆ بۆ گەیشتن بە ئاشتی بگیرێتەبەر.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە وەفدێکی پەرلەمانی ئەوروپا بە ئەندامێتی مارتن شیردڤان، هاوسەرۆکی چەپەکان لە پەرلەمانی ئەوروپا و فایەق یاگزای، نوێنەری دەم پارتی لە کۆنسەی ئەوروپا کرد.
لە دیدارێکدا دۆخی سیاسیی ناوچەکە و نوێترین پێشهاتەکان تاوتوێکرا و هەماهەنگی و هاریکاریی هەموو لایەنەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە گرنگ زانرا، وەک ئەوەى لە راگەیەندراوى کۆبوونەوەکەدا هاتووە.
پرۆسەی چارەسەری لە باکووری کوردستان و تورکیا گفتوگۆی لەبارەوەکرا و سەرۆکى یەکێتى رایگەیاند، هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ ئەوەدابووین کە بژاردەی گفتوگۆ بگیرێتەبەر بۆ گەیشتن بە ئاشتی و چارەسەری ناکۆکییەکان و بۆ سەرخستنی ئەم دەرفەتەش هاریکار بووین و بەردەوامیش دەبین لە هەماهەنگییەکانمان.