بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی گەرمیان رایدەگەیەنێت، لە رووداوێکی هاتوچۆی جۆری شێلاندا لەناو شاری کەلار، دوو کەس بە سەختتی برینداربوون و رەوانەی نەخۆشخانە کران.
بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی گەرمیان کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا کەوتووە و تێیدا هاتووە، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، ماتۆڕسکیلێکی دووتایە، لە نزیک گۆڕستانی کەلاری کۆن بەرامبەر مزگەوتی سەردار بەگی جاف، هاوڵاتییەکی شێلا و وەرگەڕا.
دەشڵێت، بەهۆی رووداوەکەوە، لێخوڕی ماتۆڕسکیلەکە و هاوڵاتییەکە بە سەختی برینداربوون و دوای گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار، بەهۆی سەختیی برینەکەیانەوە، رەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کران.
هاتوچۆی گەرمیان ئاشکراشیکرد، لێخوڕی ماتۆڕسکیلەکە لەدایکبووی ساڵی 2007ـە و هاوڵاتییەکە لەدایکبووی ساڵی 1966ـە، لەلایەن تیمی هاتوچۆوە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە بەمەبەستی زانینی هۆکار و چۆنیەتیی رووداوەکە.