سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی رایگەیاند، “خاوەن کارەکان بەرپرسیارێتیی مرۆیی و یاساییان نییە”.
عوسمان زیندانی، سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەشێک لە رووداوەکانی کار کەوتنەخوارەوەیە، و بەشێکی دیکەیان تەزووی کارەبایە بەهۆی نزیکیی تەلارسازییەکان لە ئامێرەکانی کارەبا و تەلی کارەباوە یان نزیکیی ئامێرە کارەباییەکانی ناو پرۆژەکان لە شوێنی کارکردنی کرێکارانەوە، ئەو کرێکارەی ئەمڕۆ گیانیلەدەستدا کەیسەکەی لە پۆلیسی راپەڕینە و بەدواداچوونی بۆ دەکەین.
وتیشی، “پێویستە خاوەن کارەکان پابەندی مەرجەکانی سەلامەتیی کار بن و پێداویستیی کرێکارەکان دابین بکەن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا ماددەکانی یاسای کاری عێراقی لەلایەن کۆمپانیاکانەوە جێبەجێ نەکراون”.
باسی لەوەشکرد، “رووداوەکانی کار قەزاو قەدەر نین، بەڵکو بەهۆی کەمتەرخەمیی خاوەن کارەکانەوە روودەدەن لە پێناوی ئەوەی خەرجیی کەمتریان هەبێت مەرجەکانی سەلامەتی جێبەجێ ناکەن و بەشێکی زۆری خاوەن کارەکان بەرپرسیارێتیی مرۆیی و یاساییان نییە”.
وتەکانی عوسمان زیندانی دوای رووداوی گیانلەدەستدانی کرێکارێک هات کە لە کاتی کارکردندا لە یەکێک لە کۆگاکانی راپەڕین بە تەزووی کارەبا گیانیلەدەستدا.