قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغڵوو، سەرۆك وەزیرانی پێشووتری توركیا و سەرۆكی پارتی ئاییندە كۆبووەوە و پێكەوە پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و چۆنییەتی بەهێزتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولایان تاوتوێكرد.
لە دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی دووشەممە بەڕێوەچوو، داودئۆغڵوو باسی لە هاوڕێیەتی 20 ساڵەی خۆی لەگەڵ سەرۆك مام جەلال كرد و پەرۆشی و هەوڵە بەردەوامەكانی سەرۆك مام جەلالی بۆ چارەسەركردنی ئاشتییانەی كێشەكان لە كوردستان و عێراق و ناوچەكە و بە تایبەتێش پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا بیرهێنایەوە.
لە تەوەرێكی كۆبوونەوەكەدا ئاڵۆگۆڕی بیروڕاكرا سەبارەت بە پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و هەردوولا هاوڕابوون لە ئاشتیدا هیچ لایەنێك دۆڕاو نییە و جەختیشیان كردەوە لە گرنگیی پابەندیی لایەنە پەیوەندیدارەكان بە هەنگاونانی پێویست بۆ سەرخستنی پرۆسەكە و لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا سەركەوتنی پڕۆسەی ئاشتی نەك تەنها بۆ هەردوو گەلی كورد و تورك لە توركیا بەڵكو لە بەرژەوەندیی هەموو ناوچەكەدایە، هەربۆیە پێویستە هەموو لایەنێك یارمەتیدەر و هاوكاربن لە سەرخستنی پڕۆسەكەدا.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە پێویستیی كاری هاوبەش كرا بۆ بەهێزتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی توركیا.
جێگری سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوەكرد هەرێمی كوردستان خوازیارە لە هەموو روویەكەوە پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیادا بەهێزتر بكات و وتیشی لە بەرژەوەندی هەردوولادایە كە هەرچی زووتر ئاسمانی توركیا بەڕووی گەشتە ئاسمانییەكانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیدا بكرێتەوە.