قوباد تاڵەبانى: بە هەڕەشە و پەیامى توند هیچ کێشەیەک چارەسەرناکرێت

جێگرى سەرۆک وەزیرانى هەرێم رایدەگەیەنێت، بە هەڕەشە و پەیامى توند لە هەرێمەوە بۆ بەغداد هیچ کێشەیەک چارەسەرناکرێت و دەشڵێت، لێکدانەوەى جیاواز دەربارەى داهاتى نانەوتیی هەرێم هەن.

قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆک وەزیرانى هەرێم لە پەراوێزى کۆڕبەندى دێڵفى-سلێمانى لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، ئەم جۆرە چالاکییانە یارمەتیدەر دەبێت بۆ بوژاندنەوەى ئابوریی سلێمانى و کوردستان، بۆیە بەردەوام دەبین.

وتیشى، “دەشمانەوێت ئەو تێڕوانینە خراپەى لەسەر سلێمانى دورستکرابوو، نەیهێڵین، بە گرێدانى ئەم جۆرە کۆنفرانسانە دەبینرێت کە سلێمانى چۆنە، چەند جوانە و ئارام و ئاوەدانە، کوردستانیش بە گشتى بەرەو قۆناغێکى هێمنى و ئارامى و سەقامگیرى دەڕوات”.

سەبارەت بە پرۆژەى رووناکى-یش قوباد تاڵەبانى باسى لەوەکرد، کاتێک باس لە پرۆژەکە دەکرێت، تەنها باس لەو پارەیە دەکرێت کە دەدرێت بە حکومەت، هیچ حساب بۆ ئەو پارەیە ناکرێت کە هاوڵاتییان دەیدەن بە مۆلیدە ئەهلییەکان، کە نرخێکى ئێجگار زۆرە، ئەگەر رێژەى ئەو دوو پارەیە وەربگریت بەراورد بەو پارەیەى حکومەت لەسەر پرۆژەکە دایناوە، پێموایە لە بەرژەوەندیی هاوڵاتییانى کەمدەرامەت دەبێت.

لە وەڵامى پرسیارێکیشدا جێگرى سەرۆک وەزیران باسى لەوەکرد، “زۆر دەمێکە حکومەتى هەرێم بەشێوەى پەنجا بە پەنجا پێکنەهێنراوە، نازانم بۆ ئەم بابەتە هەر باسدەکرێتەوە، نایەتە بیرم ئاخر حکومەت بە پەنجا بە پەنجا پێکهێنرابێت زۆر زۆر کۆن بوو”.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانى هەرێم و ناوەندیش وتى، “بە ئەزموونى خۆم لەناو ئەم پرۆسەیەدا کە دەمێکە لەناو دانوستانم لەگەڵ حکومەتى ناوەند، گەیشتوومە ئەو بڕوایەى بە پەیوەندییەکى بەردەوامى بێ دابڕان، ئێمە دەتوانین بگەین بە چارەسەرى کێشەکانمان، بە هەڕەشە و پەیامى توند و دروستکردنى ئیستفزازى لەلایەن بەغدادەوە بەرامبەر هەرێم، یان هەرێم بەرامبەر بەغداد هیچ کێشەیەک چارەسەرناکرێت، ئەم کۆڕبەندە یەکێک لە پەیامەکانى ئەم کۆڕبەندە ئەوەیە چۆن بتوانین کێشەى گەورەى جیهانى و هەرێمایەتى و ناوخۆیى لەڕێگەى دیالۆگەوە چارەسەربکرێن”.

دەربارەى گرفتى هەرێم و ناوەند سەبارەت بە داهاتى نانەوتى دەدات-یش قوباد تاڵەبانى روونیکردەوە، پێناس و لێکدانەوەى جیاواز هەن لەبارەى داهاتى نانەوتی، رەنگە هەندێک لەو کەسانەى لە بەغدادن، خوێندنەوەیان بۆ ئەوە نەکردبێت کە چ داهاتێکى نانەوتى، ئیتحادییە و، کامەیشى خۆماڵییە بۆ هەرێمى کوردستان.

وتیشى، “پێموایە بە بەردەوامى سەردانى وەفدەکانمان و پێشوازى لە وەفدەکانیان لە هەرێم، دەتوانین پۆلێنى بکەین کە ئەو داهاتەیە کامەیە دەبێت رادەستى بکەین و کامەشە کە ناوخۆییە و بۆ هەرێمى کوردستان بەکاردێت”.

جێگرى سەرۆک وەزیران دووپاتیشیکردەوە، ئەم وردە کێشانە بەردەوام دەبن، بەڵام ئاراستەکان بەرەو چارەسەر درێژخایەنن، ئاراستەیەکن بەرەو نەهێشتنى کێشەکان، وەرگرتنى شایستە داراییەکانى هەرێم بەبێ گرفت و بەبێ ئیزعاجى.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share