کارەبای سلێمانی رایدەگەیەنێت، هاوڵاتییان دەتوانن سیستمی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر لە سەربانی ماڵەکانیان، یان بینا بازرگانییەکان دابنێن و ببنە بەرهەمهێنەری کارەبا.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی دەڵێت، دانانی ئەو سیستمە دوو سوودی هەیە؛ یەکەمیان، هاوڵاتی بەشداردەبێت لە بەرهەمهێنانی کارەبا و دووەمیش، خەرجیی کارەباکەی کەمدەبێتەوە.
ئاماژە بەوەشدەکات، بەپێی رێنمایی ژمارە 3ـی ساڵی 2021ـی وەزارتی کارەبا، ئەو کارەبایەی لە وزەی خۆر بەرهەمدەهێندرێت، تیکەڵ بە کارەبای نیشتمانی دەکرێت، لە کۆتایی مانگەکەدا لە خەرجیی کارەبای ماڵەکە دەردەکرێت.
کارەبای سلێمانی نمونەیەک دەهێنێتەوە و دەڵێت، “ئەگەر مانگانە 1000 کیلۆوات کارەبا بەکاربهێنیت لە کارەبای نیشتمانی و بڕی 300 کیلۆوات کارەبا لە وزەی خۆر بکەیتە ناو تۆڕی کارەبای نیشتمانی، تۆ تەنها پارەی 700 کیلۆوات کارەبا دەدەیت”.