نەوزاد شێخ کامیل رایگەیاند، دوای تەواوبوونی پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی فۆڕمی خۆراک، هەر هاوڵاتییەک مۆبایلی زیرەکی پێنەبێت لە کاتی چوونی بۆ لای بریکارەکانی خۆراک، ناتوانێت بەشە خۆراکەکەی وەربگرێت.
نەوزاد شێخ کامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم رایگەیاند، پرۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی فۆڕمی خۆراک پرۆسەیەکی گشتگیرە و هەموو عێراق دەگرێتەوە، ئێمەش لە هەرێمی کوردستان لە 8 ی ئەم مانگەوە لە
پارێزگای هەڵەبجەوە دەستمانپێکردووە و هاوڵاتییان پێشوازییەکی باشیان لێکردووە و تا ئێستا 7% ی هاوڵاتییانی پارێزگاکە بەشدارییان لە پرۆسەکە کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆسەکە پرۆسەیەکی ئاسانە، هەر هاوڵاتییەک لە رێگای مۆبایلە زیرەکەکەیەوە ئەپی فۆڕمی خۆراک (بطاقة التموينية) دادەبەزێنێت و دواتر وەڵامی ئەو پرسیارانە دەداتەوە کە لە ئەپەکەدا داوایدەکات، دەبێت هەموو هاوڵاتییەک وێنەی کارتی نیشتمانییەکەی لە ئاپەکەدا داخڵ بکات.
جەختیشیکردەوە، هەر هاوڵاتییەک کارتی نیشتمانیی نەبێت لە فۆڕمی خۆراکی ئەلیکترۆنی بێبەشدەبێت، دواتریش هەر کەسێک مۆبایلی زیرەکی پێنەبێت ناتوانێت لای بریکاری خۆراک ماددەکانی وەربگرێت.