قوباد تاڵەبانی: دروستکردنی سندوقی فیلم بۆ بەرهەمهێنانی فیلمی کوردی رادەگەیەنین

جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، بە خۆشحاڵییەوە دروستکردنی سندوقی فیلم بۆ بەرهەمهێنانی فیلمی کوردی رادەگەیەنین.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، “کوردستان وڵاتی چیرۆکە نەگێڕدراوەکانە، لە چیرۆکە تراژیدییەکانی ئەنفالەوە تا چیرۆکە سەرسووڕهێنەرەکانی بەرخۆدان و خۆڕاگری. ئەو چیرۆکە جوان و پڕواتا و سەرنجڕاکێشانەی جیهان تامەزرۆی بیستن و بینینیانە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “ماوەیەکی زۆرە لەگەڵ کەسانی پسپۆڕ کاردەکەین بۆ دروستکردنی ناوەندێکی سینەمایی بۆ گێڕانەوەی ئەم چیرۆکانە و بوونیادنانی ژێرخانێکی پتەو بۆ سینەمای کوردستان. هەر لەم چوارچێوەیەدا بەشداریم کرد لە فێستیڤاڵی فیلمی کان تا لەوێوە مزگێنیی دامەزراندنی کۆمیسیۆنی فیلمی کوردستان – سلێمانی رابگەیەنم”.

دەشڵێت، “کۆمیسیۆنەکە ئامانجییەتی کوردستان بخاتە سەر نەخشەی سینەمای جیهانی و دەبێتە پردێکی پەیوەندیی لەنێوان کوردستان و کۆمپانیا جیهانییەکانی بەرهەمهێنانی فیلم تا لە کوردستان فیلم بەرهەم بهێنن و دەرفەتیش دروست دەکات بۆ بەشداریکردنی ئەکتەر و سینەماکارانی کورد لەو بەرهەمە جیهانییانەدا. هەروەها لەڕێی راهێنانەوە کاردەکات بۆ پەرەپێدانی کارامەیی سینەماکارانی کوردستان”.

“هاوکات بە خۆشحاڵییەوە دروستکردنی سندوقی فیلم بۆ بەرهەمهێنانی فیلمی کوردی رادەگەیەنین. جێی دڵخۆشییە چ لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ بەرهەمهێنەرە بەشداربووەکانی فێستیڤاڵی کان و چ لە گفتوگۆکانی پێشترمان لەگەڵ کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی دیکە پێشوازییەکی باش لە پڕۆژەکانی کۆمیسیۆنی فیلمی کوردستان – سلێمانی کراوە”، لە بڵاوکراوەکەی قوباد تاڵەبانی-دا هاتووە.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەهۆی یەكگرتووەوە بزوتنەوەی ئیسلامی دەبێتە خاوەنی پێنج كورسیی پەرلەمانی

بەرپرسێكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە هەرێم ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی یەكگرتووەوە لە پەرلەمانی كوردستان پێنج پەرلەمانتاری بزوتنەوەی ئیسلاميی كورسییەكانیان…
Total
0
Share