وەزارەتی دارایی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، “لە سەرەتای مانگی شوباتەوە تاوەكو ئێستا زیاتر لە 10 هەزارو 200 مامەڵەی خانەنشیان تەواوكراوە و بۆ مانگی ئایار زیاتر لە دوو هەزار خانەنشینی تر ناوەكانیان دەخرێتە نێو لیستی مووچەوە و مووچەی پێنج مانگیان بۆ خەرجدەكرێت.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، وەزیری دارایی سەرپەرشتیی كۆبوونەوەی بەڕێوەبەرایەتییەكانی خانەنشینیی هەرێمی كوردستانی كرد.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، وەزیری دارایی جەختی لەسەر چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ هەرچی زوو تەواو كردنی دۆسیەی خانەنشیان كردەوە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو رێكارانەی پێشتر لەلایەن وەزارەتی داراییەوە گیراونەتەبەر كە خۆی لە دابەزاندنی دەسەڵاتەكان و كاراكردنی سیستم و دابینكردنی فەرمانبەر و زیادكردنی دەوامی بەڕێوەبەرایەتییەكان دەبینیەوە.
لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا دەرئەنجامی هەوڵەكان خرایەڕوو كە توانراوە لەماوەی ڕابردوودا كاروبارەكانی مامەڵەی خانەنشینان خێراتربكرێن و لەسەرەتای مانگی شوباتەوە تاوەكو ئێستا زیاتر لە 10 هەزارو 200 مامەڵەی خانەنشیان تەواوكراوە و بۆ مانگی ئایار زیاتر لە دوو هەزار خانەنشینی تر ناوەكانیان داخڵی لیستی مووچە دەكرێت و مووچەی پێنج مانگیان بۆ خەرجدەكرێتەوە، داواش لە وەزارەت و فەرمانگەكان دەكرێت بە زوویی دۆسیەی ئەو فەرمانبەرانە بنێرن كە بڕیاری خانەنشین بوونیان بۆ دەرچووە.
هاوكات وەزیری دارایی داوایكرد پەلەبكرێت لە دەركردنی ڕێنمایی بۆ جێبەجێكردنی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق لەسەر سەرجەم ئاستەكان و گواستنەوەی دۆسیەی خانەنشینانی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ سەر وەزارەتی دارایی.