دوای زیاتر لە 13 ساڵ لە بێسەروشوێنبوونی لە سوریا، رووفاتی رۆژنامەنووسی ئەمریکی ئۆستن تایس لە باکووری سوریا دۆزرایەوە.
پێگەی سکای نیوز بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ تەرمی رۆژنامەنووسی ئەمریکی ئۆستن تایس لە گۆڕستانێکی باکووری سوریا دۆزراوەتەوە.
رۆژنامەنووسەکە لە ساڵی 2012 بەمەبەستی کاری رۆژنامەوانی لە ئەمریکاوە گەیشتووەتە سووریا و لە مانگی ئابی هەمان ساڵدا لە یەکێک لە گەڕەکەکانی دیمەشق لەلایەن چەند چەکدارێکەوە رفێندرا.
ئەو رۆژنامەنووسە کە لە رابردوودا کاری بۆ چەندین رۆژنامەی بەناوبانگی وڵاتەکەی کردووە، مانگێک دوای رفاندنەکەی لە گرتە ڤیدیۆیەکدا بە چاوی بەستراوەوە بینرا و ئەوە بۆ خێزانەکەی پشتراستبووەوە کە لە ژیاندا ماوە بەڵام جارێکی دیکە نەتوانرا ببینرێتەوە.
لەدوای رووخانی رژێمەکەی ئەسەد، لەگەڵ ئازادبوونی سەدان زیندانیکراو لە وڵاتەکەدا سۆراخکردنی رۆژنامەنووسە ئەمریکییەکە لەلایەن خێزان و میدیا و دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەیەوە دەستیپێکرد.
لای خۆیەوە ئێف بی ئای بڕی یەک ملیۆن دۆلاری تەرخانکرد بۆ هەر کەسێک زانیاریی لەبارەی ئازادبوونی ئەو رۆژنامەنووسەوە ئاشکرابکات.
هەرچەندە لە رۆژەکانی سەرەتای رووخانی رژێمەکەی ئەسەد دەنگۆی دۆزینەوەی رۆژنامەنووسەکە بە زیندوویی بڵاوبوەوە، هەر زوو هەواڵەکە رەتکرایەوە و دواتر دانوستانی راستەوخۆی ئەمریکا و حکومەتی نوێی سوریا لەبارەی دیاریکردنی چارەنووسیەوە دەستیپێکرد.