وەزارەتی دادی عێراق رایگەیاند، لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا هەزار و 750 سزادراو، لەوانەی سزاکانیان تەواوبووە یان یاسای لێبوردنی گشتی دەیانگرێتەوە ئازادکراون.
لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی دادی عێراقدا هاتووە، لە مانگی نیساندا، 289 سزادراو دوای تەواوبوونی ماوەی سزاکانیان ئازادکراون، هەزار و 461 کەسیش کە یاسای لێبوردنی گشتی گرتوونیەتییەوە دوای تەواوکردنی رێککارە یاساییەکان ئازادبوون.
لە 21 ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ یاسای لێبوردنی گشتی لە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەردرا و دوای تێپەڕبوونی ماوەیەکی کەمیش یاساکە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
مانگی ئازاریش لە عێراق نزیکەی دوو هەزار سزادراوی دیکە لەوانەی یاساکە دەیانگرێتەوە ئازادکران.
بڕیارە بەهۆی یاساکەوە هەزاران سزادراوی دیکە لە عێراق ئازادبکرێن.